ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، وێڕای یەکدەنگی لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی کۆماری ئیسلامی لەسەر پێوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی چین و ڕووسیە، لە دژکردەوە بە ڕەخنەگرانی ئەو پێوەندییە وتی: پێوەندی ئێران لەگەڵ چین و ڕووسیە، پێوەندییەکی دوولایەنە و گرینگە.
ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، عەلیئەکبەر ولایەتی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی کەیهان، بانگەشەی ئەوەی کرد کە: “لە تەواوی مێژووی ئێراندا هیچکات بەقەدەر ئەوڕۆ بەهێز نەبووین.” ئەوە لە حاڵێکدایە کە خەڵکی ئێران بە گشتی و کارناسانی بواری ئابووری بە تایبەتی ڕەخنەی توندیان لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە ڕێککەوتنی چین و ئێران گرتووە و لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەو ڕێککەوتنە کارێکی هەڵەیە و خەڵکی ئێرانی تووشی قەیرانی ئابووری دەکا؛ بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای گوێنەدان بە ڕەخنەگران بە ڕێککەوتنێکی دوو لایەنەی دەزانن.
لە بەردەوامی و زۆرتربوونی گەمارۆکانی ئەمریکا و ئورووپا بەدژی ڕێژیمی ئێران لەو ساڵانەی دوایی، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێککەوتنێکی ٢٥سالە لەگەڵ وڵاتی “چین”ـیان خستە بواری جێبەجێ کردنەوە و باس لە ڕێککەوتنێکی هاوشێوە لەگەڵ وڵاتی ڕووسیەدا دەکەن، کە کارناسانی ئەو بوارە و هاووڵاتییانی ئێرانی بە توندی دژی ئەو ڕێککەوتنانەن و بە خیانەت بە وڵاتی دەزانن.