مامۆستا کاوە فەقیەزادە لەلایەن مەڵبەندی هونەریی ماملێ، خەڵاتی هونەرمەندی ساڵی ٢٠٢٢ی “ماملێ”ـی پێشکەش کرا.
ڕێکەوتی ١٧ی مانگی ژانویە بەرانبەر بە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ساڵۆنی بۆنەکانی هۆتێل تارا لە شاری مەهاباد ڕێوڕەسمێک بۆ پێشکەشکردنی خەڵاتی ساڵانەی هونەریی ماملێ بە مامۆستا کاوە فەقیەزادە بەڕێوە چوو.
لە درێژەی چالاکیی ساڵانەی مەڵبەندی هونەریی ماملێ بۆ دەستنیشانکردنی هونەرمەندی ساڵ، مامۆستا کاوە فەقیەزادە بۆ پێشکەشکردنی خەڵاتی ساڵی ٢٠٢٢ی “ماملێ”هەڵبژێردرا.
تێکۆشانی ئەو هونەرمەندە بەرزەی کورد بۆ نووسینەوە و لێکۆلینەوە لەسەر موزیک، دەق و نۆتەکانی کۆمەڵێک مێلۆدی، گۆرانی، بەیت، حەیران، لاوک و ھەوای کوردی، یەکێک لە کارە هەرە گرینگ و دەگمەنەکانی مامۆستا کاوەیە کە لە کۆی چەند کتێبێکی ناوازەدا کە زیاتر لە ١٥ کتێب لەخۆ دەگرێ، پێشکەش بە نەتەوەی کوردی کردووە.
ئەو هونەرمەندە سەرەڕای کۆمەڵێک گرفت و بەربەستی جۆراوجۆر بە تایبەت (دارایی)، لە خزمەتکردن بە موزیکی کوردی ڕانەوەستاوە و بە دامەزراندنی (ئۆرکێسترای زانستی و جیهانی فيلارمونيک)، هەروەها ئاشناکردنی ئەو شێوازە بە خەڵک و گەشەی موزیکی کوردی لەو بوارەدا، بە تایبەت لە ناوچەی موکریان، توانیوێتی بە دەستی بەتاڵ و بەبێ پشتیوانییەکی ئەوتۆ و لە ماوەیەکی کورتدا، هەنگاوی گەورە هەڵێنێتەوە.
شایانی باسە کە خەڵاتی ماملێ، وەک هێمایەکی ڕێزلێنان لە هونەرمەندی کورد، ماوەی ١٣ ساڵە چالاکە و لەلایەن مەڵبەندی هونەریی ماملێوە ساڵانە پێشکەش بەو هونەرمەندە ماندوو و تێکۆشەرانە دەکرێت کە لە خزمەتکردنی هونەریی کوردیدا تێکۆشاون و گەشەیان پێ بەخشیوە.