ئەمریکا، بریتانیا، ئیسرائیل و عەرەبستانی سعوودی، هێرشی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسەر “ئەبووزەبی”ـی ئیماراتیان بە هێرشی تێرۆریستی ناو برد.
ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە درێژەی هێرشەکان بۆسەر ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران هێرشیان کردە سەر پۆلیسی ئەبووزەبی و هەروەها بە تەقاندنەوەی بارهەڵگرەکانی سووتەمەنی بوونە هۆی کوژرانی ٣ کەس و برینداربوونی ٦ کەسی دیکە. ئەمریکا، ئیسرائیل، بریتانیا و عەرەبستان ئەو هێرشەیان بە کردەوەیەکی تێرۆریستی و هەڕەشەیەکی نێونەتەوەیی ناوبرد و پاڵپشتی خۆیان بۆ ئیمارات دەربڕی.
ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ئیماراتییەکەی، هێرشی حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی مەحکووم کرد و بە کردەوەیەکی تێرۆریستی ناو برد و پشتیوانیی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بۆ ئیمارات دەربڕی و ئەو چەشنە کردەوەیانەی بە هەڕەشەیەکی جیددی زانی بۆسەر ئاسایشی نێونەتەوەیی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە سەرپەرەستی دەکرێ.