وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە کاردانەوە بە قسەکانی ئانتۆنی بلینکێن کە وتبووی لە ئەگەری شکستی وتووێژەکان، ئەمریکا پلانی B دەگرێتەبەر وتی: ئێرانیش پلانی B هەیە و ئەو پلانە بۆ ئەمریکا دڵخۆشکەر نییە.
سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە لە وتووێژەکانی ڤییەن هیچ شتێک بەبێ چارەسەر نامێنێتەوە و وتووێژە ناڕاستەوخۆکانی ئێران و ئەمریکا پێشکەوتنگەلێکێ بەخۆوە بینیوە، وتی: لە ئەگەری شکستی وتووێژەکانی ڤییەن، ئێران پلانی B جێبەجێ دەکات کە بۆ ئەمریکا دڵخۆشکەر نییە.
خەتیبزادە لە درێژەدا وتی: کێشەیەکی گرینگ لە وتووێژەکانی ڤییەن بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی نەماوە؛ هیئەتەکانی وتووێژ چاوەڕوانی بڕیاراتی سیاسیی ئەمریکا لەهەمبەر لابردنی گەمارۆکانە و تاران داوای لابردنی هەموو گەمارۆکانی لەسەر ئێران کردووە.
پێویستە بگوترێ کە ئەمریکا پاش هاتنەدەرەوە لە ڕێککەوتنی بەرجام بەهۆی چالاکییە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە و تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیک و پێشێلکردنی مافی مرۆڤەوە، گەمارۆگەلێکی قورسی بەسەر ئێراندا سەپاندووە.
وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، بە ئاماژە بە قسەکانی ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سەبارەت بە جێبەجێکردنی پلانی B، وتی: دەبێ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەموو هەوڵێکی خۆی بخاتەگەڕ تاکوو پلانی A بگات بە ئاکام و ئەگەر وتووێژەکان تووشی شکست بن، پلانی B ئێران بۆ ئەمریکا دڵخۆشکەر نابێ.