کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی بەفرانبار لە کۆڕێکدا ڕوونوێنیی لە نوێترین چاپکراوی ئەو کۆمیسیۆنە، “بەڵگەنامەی کۆنگرەکانی حیزبی دێموکرات” کرد.
لەم کۆرەدا کە بە بەشداریی سکرتێری گشتیی حیزب، ئەندامانی دەفتەری سیاسی و بەشێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و دەیان کادر و پێشمەرگەی حیزب بەڕێوە چوو، بەڕێز کەماڵ کەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر گرینگیی کۆکردنەوە و بەدێکیۆمێنتکردنی بەڵگە نووسراوەکانی حیزبی دێموکرات بۆ بەشداران دوا.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆڕیادەکەدا بەڕێز مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە، سیمای ناسراوی بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکرات لە وتەیەکی کورتدا ئەم بەرهەمە نوێیەی کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتی بەرز نرخاند و بەبایەخەوە لە کۆکردنەوە و سەرلەنوێ لەچاپدانەوەی سەرجەم بەڵگەنامەی کۆنگرەکانی حیزبی دێموکرات لە مێژووی نیزیک بە هەشت دەیە لە ژیانی سیاسیی ئەم حیزبەی ڕوانی.
لە دوا بەشی کۆڕەکەشدا بەڕێز عەلی بداغی، بەرپرسی کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی حیزب کە سەرپەرستیی ئەم پڕۆژەیەی کردوە، لەسەر چەندیوچۆنیی تەواوبوونی کارەکە و پڕۆژە کارییەکانی دیکەی کۆمیسیۆنی چاپەمەنی قسەی کرد.
شایانی باسە کە بەڵگەنامەی کۆنگرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە دێکیۆمێنت و بەڵگەنامەی نووسراوی سەرجەم کۆنگرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان (کۆنگرەی یەک تا حەڤدە)ی لە خۆی گرتووە، ١٢٠٠ لاپەڕەی A4ـە و لە توێی دوو بەرگدا چاپ کراوە.