خەڵکی شارەدێی حوسێناوای شاری سنە لەسەر خراپی جاددەکانی نزیک حوسێناوا و زیانگەیاندنی بە خەڵک و بەڵێنیی درۆی ڕێژیم، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، خەڵکی شارەدێی حوسێناوای سەر بە شاری سنە کە لەنێوان شارەکانی سنە و دیواندەرە هەڵکەوتووە، لەسەر خراپی ڕێگەوبان و جادەکانی دەوروبەری ئەو شارەدێیە و نەبوونی ئەمنییەت و ئاسایشی گیانیی خەڵکی ئەو شارەدێیە بەو هۆکارەوە، لەسەر جاددەی نێوان سنە ــ دیواندەرە لە نزیکی ئەو شارەدێیە ناڕەزایەتییان دەربڕی و بە نیشانەی وەڵامنەدانەوەی بەرپرسانی پێوەندیداری ڕێژیم لە کوردستان و شاری سنە، جاددەکەیان بەست.
شایانی باسە کە لەماوەی حەوتووی ڕابردوودا لە شارەدێی حوسێناوا ماشینێکی سووتەمەنیگەڵگر بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ ئاگری گرتبوو و زیان و خەسارێکی زۆری بە خەڵکی ئەو شارەدێیە گەیاندبوو و چەند کەسێکیی خەڵکی ئەو شارەدێیەش بەهۆی ئەم ڕووداوەوە گیانیان لەدەست داوە، کە پاش سکاڵا و ناڕەزایەتیی خەڵکی حوسێناوا، بەرپرسانی پیوەندیداری ڕێژیم لە شاری سنە بەڵێنیی ئەوەیان پێیان دابوون کە بە زووترین کات بە هانای داواکاری و سکاڵاکەیانەوە بچن و ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.
بەلام پاش ئەوەی کە بەرپرسانی پێوەندیدار هیچ وڵامێکیان بۆ داواکاری و ناڕەزایەتیی خەڵکی حوسێناوا نەبووە و هێچ بایەخێکیان بەو كێشە مەترسیدارە بۆ سەر گیانی هاووڵاتییانی ئەو شارە دێیە نەداوە، خەڵکیش بە نیشانەی ناڕەزایەتی ئەو جاددەیەیان بەست و بە تایبەتی پێشیان بە هاتوچۆی ماشینە گەورە بارهەڵگرەکان گرت.