خەڵکی شار و ناوچە و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بەفربارین، لەسەر شەقام و لە شوێنە گشتییەکاندا بە هەڵپەڕکێ و گۆڤەند، شایی و خۆشیی خۆیانیان دەربڕیوە.
لە ڕۆژانی ڕابردوو و بە تایبەت ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، خەڵکی شار و ناوچە و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی ئەوەی پاش چەند ساڵێک دیسان بەفرێکی قورس باریوەتەوە، لەسەر شەقام و کۆڵان و لە شوێنە گشتییەکاندا بە هەڵپەڕکێ و گۆڤەند و گۆرانی، شایی و خۆشیی خۆیانیان دەربڕی و وەکوو نەریتی کۆنی کوردەواری یارییە بەفرینەکانیان زیندوو کرەدوە.
شایانی باسە کە پاش چەند ساڵێک دیسان بەفرێکی قورس باریوەتەوە و بەفری ئەمسال جیا لەوەی کە لە چەند ناوچەیەکی کوردستان ڕێگەوبان و جاددەکانی هاتوچۆی بەستووە، سەرجەم کانی و گۆل و ڕووبار و چۆم و سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستانیشی بووژاندووەتەوە و ئەمەش خۆشحاڵی و دڵخۆشی خەڵکی کوردستانی لێ کەتووەتەوە.
دەبێت ئاماژە بەوەش بکرێت کە ئەم بەفر و بارانبارینە بە هۆکاری گۆڕینی ڕێرەوە ئاوییەکان و شوێنی لافاوەکان لە کوردستان، بەداخەوە کە لە چەند ناوچەیەکی کوردستان و بەتایبەت لە پارێزگاکانی ئیلام و لوڕستان زیانی بە خەڵک گەیاندووە و چەند شوێنێکی گشتی و بەتایبەت شوێنی گەشتیاری ڕووخاندووە.