مانۆڕی سەربازیی ئەرتەشی ئیسرائیل لەگەڵ ناوەندیی فەرماندەیی ئەرتەشی ئەمریکا بەڕێوە چوو و ئامانجی ئەو مانۆڕە هاوبەشە ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، بەپێی ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیل، مانۆڕی هێزی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل لەگەڵ هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، حەوتووی ڕابردوو لەژێر ناوی “شاهینی سەحرا” بەڕێوە چوو و ئامانج لەو مانۆڕە هاوبەشەی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەوەیکە بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ببنەوە و ڕێگە بە سەرەڕۆییەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەکدا نەدەن.
ڕۆژنامەی “تایمزی ئیسرائیل” هەواڵی بەڕێوەچوونی مانۆڕی سەربازیی هاوبەشی هێزی ئاسمانیی دوو وڵاتی ئیسرائیل و ئەمریکای لە زمانی ئەرتەشی ئەو وڵاتە بڵاو کردەوە و رایگەیاند کە، ناوچەی بەڕێوەچوونی ئەو مانۆڕە، باشووری ئیسرائیل و لەسەر ئاسمانی دەشتاییەکانی “نێگێب” بووە.
شایانی باسە کە ئیسرائیل ساڵی ڕابردوو بە فەرمی پەیوەست بە چالاکییەکانی ناوەندیی فەرماندەیی ئەرتەشی ئەمریکا “سێنتکام” بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە.