بەرپرسانی ئیسرائیل لەسەر لێدانی ڕێژیمی ئێران سوورترن و جارێکی تر لەگەڵ جەیک سالیوان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ئەم پرسەیان تاوتوێ کردووەتەوە.
لە سەرەتای هاتنەئارای وتووێژی وڵاتی 1+5 و ڕێژیمی ئێران لەسەر بەرنامەی ناوکیی ئەو ڕێژیمە و ڕێککەوتننامەی بەرجام تاکوو ئێستە، بەردەوام بەرپرسانی سەربازی و سیاسیی وڵاتی ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە دەبێت بە لێدانی ڕێژیمی ئێران بەرنامەی ناوکیی ئەو ڕێژیمە بوەستێندرێت و ئەو وتووێژانە ئاکامێکی چاوەڕوانکراو و دڵخۆشکەریان نابێت، کە هەنووکەش جارێکی تر ئەو باوەڕەی خۆی نوێتر کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی “ئاکسیوسـ”ـێ ئەمریکایی، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، “جەیک سالیوان”، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، لە پێوەندیی بە سەفەرەکەیەوە بۆ ولاتی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە؛ لەگەڵ بەرپرسانی پلەبەرزی ئەو وڵاتەدا دیدار و چاوپێکەوتنمان بووە و بەرپرسانی ئیسرائیلی قسەیان لەسەر جێگرەوەی ئەگەری سەرکەوتوونەبوونی ڕێگەچاوەری دیپلۆماسی لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا کردووە.
ناوبراو لەم پێوەندییەدا ڕاشیگەیاندووە؛ واشینگتۆن بۆ پێشگرتن بە دروستکردنی چەکی ناوکیی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پێداگرە و کاتی چارەسەریی دیپلۆماتیکی قەیرانی ناوکیی ئەو ڕێژیمە خەریکە بە خێرایی دەگاتە کۆتایی و هەروەها پێشترێش لە دیدارێکی تر و لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیلدا وتبووی: “ئیسرائیل لە ئەگەری سەرنەکەوتنی ڕێگەچارەی دیپلۆماسی لە خولی نوێی وتووێژەکانی ڤییەن لەسەر بەرنامە ناوکییەکەی ڕێژیمی ئێران، دڵنیایی وەرگرتووە کە ئەمریکا زۆر بە جیددی ڕووبەڕووی ئەو ڕێژیمە دەبێتەوە”.
لەو دیدارەی نێوان سالیوان و نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیران و یائێر لاپید، وەزیری کاروباری دەرەوە و بێنی گانتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلدا، لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیلەوە جارێکی تر جەخت لەسەر لێدانی ڕێژیمی ئێران کراوەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە ڕاوەستان لە پێناو ڕاوەستاندا ڕەت دەکەنەوە و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل وتوویەتی: ئیسرائیل بەو گریمانەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕووبەڕوو دەبێتەوە کە زیاتر لە ٩٠ لەسەد ئۆرانیۆمی پیتاندبێت.