سێناتۆرێکی کۆماریخوازی ئەمریکا وێڕای هۆشدارییەکی توند بە دەوڵەتی لوبنان بەهۆی بەکارهێنانی گازی میسر کە لە سووریەوە دەچێ بۆ بەیرووت، وتی: بە هیچ شێوەیەک ئیزن نادەین گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە باری ماڵییەوە بەهێز بن”.
تێد کرووز، سێناتۆری کۆماریخواز و ئەندامی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرەی ئەمریکا، وتی: ئەگەر لەلایەن لوبنانەوە گەمارۆکانی ئەمریکا کە خراونەتە سەر گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران پێشێل بکرێ، ئەوە بە دڵنیاییەوە واشینگتۆن گەمارۆگەلێکی بەهێز بەدژی دەوڵەتی لوبنان و تەواوی ئەو وڵاتانەی کە پێشێلکاریی گەمارۆکان دەکەن، دەسەپێنێ؛ لەبەر ئەوەی ئەو کارە ڕێگە پێدراو نییە و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین کە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە باری ماڵییەوە بەهێز بکرێن.
تێد کڕووز، ئەوەشی زیاد کرد کە: “کۆنگرەی ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک ئیزن بە تیمی جۆ بایدێن نادا کە هێزە تێکدەرەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تایبەت تێرۆریستە خوێنمژەکانی وەکوو بەشار ئەسەد لە باری ماڵییەوە بەهێز بکا، بۆیە نابێ ڕێگە بدرێ هیچ دەوڵەتێکی ناوچەکە پێشێلکاریی گەمارۆکانی ئەمریکا بکا، هەر لایەن و دەوڵەتێک ئەو پیشێلکارییە بکا دەبێ ڕووبەڕووی یاسا بکرێتەوە و لە هەمان کاتیشدا نیگەرانی ئەمریکای لێ دەکەوێتەوە.”