دۆناڵد ترامپ لەسەر کارە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە جیهان بە گشتی و ناوچەکە بە تایبەتی وتی: “ڕێژیمی ئێران ئێستا هێندێک زێدەڕۆیی دەکا کە ساڵێک لەمەوبەر نەیدەوێرا بیکات.”
لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ جەماوەر و لایەنگرانی خۆیدا، وێڕای ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی جۆ بایدێن لە ئاستی نێونەتەوەیی، وتی: هەرسێ وڵاتی ئێران، ڕووسیە و چین خەریکی کارگەلێکی تێکدەرانەن کە یەک ساڵ لەمەوبەر بە هیچ شێوەیەک نەیاندەوێرا بیکەن و ئێستا بەبێ ترس لە ناوچەکەدا تەراتێن دەکەن و گرینگی بە بوونی ئەمریکا نادەن.
جێی ئاماژەیە کە لە ڕوانگەی ڕەخنەگرانی دەوڵەتی بایدێنەوە، ناوبراو بەهۆی نەرمی نواندن بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بووەتە هۆی ئەوە کە لە ئێستادا ڕێژیمی ئێران و میلیشیاکانی لە ناوچەکەدا سڵ لە ئەمریکا نەکەنەوە و بە ئارەزووی خۆیان تەراتێن بکەن؛ هەر بۆیە ئەو ڕەخنەگرانە پێیان وایە کە جۆ بایدێن دەبێ پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی لەهەمبەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بکا.