کوێخا بارام مینبەری، باوکی شەهیدان “شەهرام و شەخەوان مینبەری” دوو شەهیدی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان لە ئاوایی نییەری سەر بە شاری سنە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٢٥ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، کوێخا بارام مینبەری کەسایەتی ناسراو و جێی متمانەی خەڵکی ناوچەی ژاوەرۆ و سنە و باوکی “شەهرام و شاخەوان مینبەری” دوو شەهیدی حیزبی دێموکرات و ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان، لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە، دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کوێخا بارام کەسایەتیی نیشتمانپەروەری ناوچەی سنە و ژاوەرۆ، سەرەڕای ئەوەیکە دوو ڕۆڵەی پێشکەش بە بارەگای ئازادیی کوردستان و حیزبی دێموکرات کرد، بەڵام بەوپەڕی هیوا و ورەوە لە داهاتووی کوردستانی ئازادی دەڕوانی، هەر بۆیە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئاخوندی بەردەوام ناوبراویان ڕووبەڕووی ئەزییەت و ئازار دەکردەوە، بەڵام قەت نەیانتوانی بە چۆکی دابێنن.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بەبۆنەی کۆچیدوایی کوێخا بارام، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شۆڕشگێڕی مینبەری و خەڵکی نیشتمانپەروەری گوندی نییەر و ناوچەی ژاوەرۆی سنە دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.