گرووپی هەڵپەڕکێی “ئورمیە گۆڤەند” کە لەلایەن لاوانی شاری ورمێی کوردستانەوە پێک هاتووە، لە دوو فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا پلەکانی یەکەم و دووهەمی بەدەست هێنا.
گرووپی هەڵپەڕکێی “ئورمیە گۆڤەند” کە لەلایەن کۆمەڵێک لە لاوانی شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دامەزراوە و لە زۆربەی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا وەکوو نوێنەرایەتیی کولتووری گەلی کورد بەشداری دەکات، دواجار لە دوو فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی وڵاتانی ڕووسیە و فەرانسە بەشداریی کردووە و توانیویەتی پلەکانی یەکەم و دووهەم بەدەست بهێنێت.
بەپێی زانیارییەکان؛ گرووپی هەڵپەڕکێی “ئورمیە گۆڤەند” لە نۆڤامبەری ٢٠٢١ی زایینی و لەسەر بانگهێشتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی هونەری فۆلکلۆر “Eaff” لە دوو فێستیڤاڵی “ئالفیا ئوزالووا” لە ڕووسیە و “ئەستێرەکانی پاریسی” لە وڵاتی فەرانسە بەشدارییان کردووە کە لە فێستیڤاڵی وڵاتی ڕووسیە پلەی یەکەم و لە فێستیڤاڵی وڵاتی فەرانسەش پلەی دووهەمیان بەدەست هێناوە.
ئەو گرووپە پاییزی ئەمساڵیش لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی وڵاتی ئیسپانیادا لەژێر ناوی “فێستیڤاڵە ڕەنگییەکانی هەتاوی ئیسپانیایی” لە کێبڕکێیەکدا بە بەشداربی زیاتر لە ١٠ وڵاتی جیهان، توانی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێ.