سووتەمەنیبەرێکی بەلووچ بە ناوی “عەبدوڵا هووتی”، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری فەنووج بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، شەوی شەممە ٢٥ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە شاری فەنووج، بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک سووتەمەنیبەرێکی بەلووچ بە ناوی عەبدوڵا هووتی دەدەنە بەر دەسرێژی گولـلە و لە ئاکامدا ناوبراو بریندار دەکەن.
چالاکانی کەمپەینی بەلووچ لەم پێوەندییەدا ڕایانگەیاندووە کە هێزە ئینتیزامییەکانی پاسگای شاری فەنووج بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک تەقە لە ماشینی ئەو هاووڵاتییە سووتەمەنیبەرە دەکەن و لە ئاکامدا ناوبراو لاقی بە توندی بریندار دەبێ و لەلایەن هاووڵاتییانەوە بۆ چارەسەریی پزیشکی دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە.
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، خەڵکی بەلووچستان بەهۆی بێکاری و هەژارییەوە ڕوویان لە سووتەمەنیبەری کردووە کە بەردەوام هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی تەقە لە کاسبکاران دەکەن و دەیانکوژن و ئامارە کوشتنی خەڵکی بەلووچ بە دەستی هێزە چەکدارەکان بەپێی ساڵی ڕابردوو لە سەتا ١٠ زیادی کردووە.