جارێکی تر بارانبارین و لافاو لە پارێزگای ئیلام خەسار و زیانێکی زۆری بە خەڵک گەیاندووە و زیاتر لە ١٠٠ خانووبەرەی هاووڵاتییانی شاری “مورموری”ی لەو پارێزگایە ڕووخاندووە.
بە هۆکاری گۆڕینی ڕێڕەوە ئاوییەکانی ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان و بە تایبەت ئیلام و شارەکانی پارێزگای ئیلام، لە ئەگەری هەر شەپۆلێکی بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای ئیلام، لافاوی بەخوڕ لە شارەکان هەڵدەسێت و بەهۆی نەبوونی ڕێڕەوێکی تایبەت بە لافاوەکان، زیانێکی زۆر بە خەڵکی ناوچەکە دەگات.
لە شەوی هەینی ٢٤ و ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لافاو لە شاری “موموریـ”ـی سەر بە شارستانی ئاودانانی پارێزگای ئیلام، زیاتر لە ٧٠ ماڵ و خانووبەرەی هاووڵاتییان و ٣٠ دوکانی بازرگان و کاسبکارانی ئەو شارەی ڕووخاندووە و خەسارێکی زۆری بەو شارە گەیاندووە.
شایانی باسە کە بەپێی زانیارییەکانی خەڵکی خۆجێی لەو شارە، ڕۆژی شەممە ٢٥ی بەفرانبار، بە هۆکاری زۆربوونی لافاوەکان تاقیکردنەوەی قوتابییانی شاری مورموور دوا خراوە و قوتابخانەکان داخران و کێشەی ئاوی خواردنەوە لە چەند گوندێکی ئەو شارە هاتووەتە ئاراوە.