مامۆستایانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پاڵپشتی لە مامۆستا زارا محەمەدی و داخوازییە پیشەییەکانیان لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیان بەردەوامن.
لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا مامۆستایانی قوتابخانەکان و مامۆستایانی خانەنشینکراوی کوردستان لە شارەکانی سنە، سەقز، مەریوان، بانە، کامیاران، دێولان، بیجاڕ، ئیلام، کرماشان، خوڕەماوا، جوانڕۆ، بۆکان، شەهری کورد، سەردەشت، پۆڵدۆختەر، ئەلیگوودەرز، شائاباد، ورمێ، مەلایەر، بۆجنوورد و شیروان لە خۆراسانی باكوور چەندین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان لەبەردەم بینای بەڕێوەبەریی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لەو شارانە بەڕێوە برد.
ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانەی مامۆستایانی کوردستان لەسەر داوا ڕەواکانی خۆیان و هەڵاواردنی سیستماتیکی ڕێژیم و ناداپەروەرییەکان بەدژی مامۆستایان بەڕێوە چووە و کۆمەڵێک لەم مامۆمۆستایانەش بۆ مەحکوومکردنی بەندکردنی ناڕەوای مامۆستا زارا محەممەدی بە وێنەی مامۆستا زارا و بە دروشمەکانی “ئێمە زارای زمانین، ڕاوەستان قەت نازانین” و “کۆڕی مافخوازان گەرمە، دانیشتن لە ماڵ شەرمە” ناڕەزایەتییان دەربڕی.