وەزیری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران نە تەنیا بۆ ئەمریکا بەڵکوو مەترسییە بۆسەر وڵاتانی هاوپەیمان لە ناوچەکەشدا.
مایک پۆمپێئۆ وەزیری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژ لەگەڵ فاکسنیوزدا لەهەمبەر هەڕەشەکانی ئەم دواییانەی ڕێژیمی ئێران لە خۆی و “دۆناڵد ترامپ” دژکردەوەی نیشاندا و وتی: لە کاتێکدا کە میلیشیاکانی سەر بە ڕيژیمی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە هێرش دەکەنە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و ئەنیمەیشن لەبارەی کوشتنی ترامپ و من بڵاو دەکەنەوە، دەوڵەتی جۆ بایدێن لە ڤییەن لەگەڵ ئەو ڕێژیمە سەرقاڵی دانووستانە.
ناوبراو ڕەخنەی لە هەڵوێستی دەوڵەتی بایدێن لە بەرامبەر ئێراندا گرت و دەڵێ کە بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، یارمەتی بە بەهێزکردن و پەرەپێدانی تێرۆریزم لە جیهاندا دەدەن، کە ئەم ڕێککەوتنە نە تەنیا بۆ ئەمریکا بەڵکوو بۆ هاوپەیمانانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەوان ئیسرائیل، عەرەبستان، ئەمارات، بەحرەین و کوێت جێگای مەترسییەوە.
پۆمپێئۆ بە پێچەوانەی قسەکانی “جێن ساکی” وتەبێژی کۆشکی سپیی کە ڕۆژی چوارشەممە وتبووی هاتنە دەرەوە لە بەرجام بڕیارێكی هەڵە بووە، وتی هاتنە دەرەوەی ترامپ لە بەرجام و گەمارۆکانی کە کاتی سەرۆککۆماری ناوبراودا خرایە سەر ڕێژیمی ئێران و پێشگرتن بە فرۆشی نەوتی ئەم وڵاتە، ڕێبەرانی ئێرانی ناچار دەکرد کە ڕێککەوتنێک واژۆ بکەن کە بەڕاستی دەستیان بە چەکی ناوکیی ڕانەگا.