وەزیری دەرەوەی فەرانسە دەڵێ: بە لەبەر چاوگرتنی نزیکیی جوغرافیایی لەگەڵ ئێران، بەرنامەی ناوکیی ئەو ڕێژیمە وەکوو هەڕەشەیەکی گەورەیە بەدژی ئورووپا.
ژان ئیۆ لۆدێریان، وەزیری دەرەوەی فەرانسە، ڕۆژی هەینی ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ جۆزێڤ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەگەر وتووێژەکانی ڤییەن بەو خاوییەوە درێژەی هەبێ و ڕێژیمی ئێران بەردەوام بێ لە پیتاندنی ئۆرانیۆم، ئەوە هیچ شتێک بۆ وتووێژ لەگەڵ ئێراندا نامێنێ.
ناوبراو لە درێژەدا بە ئاماژە بە مەترسیداربوونی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئورووپا وتی: ئەگەر لە ڤییەن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران نەگەیشتین بە ڕێککەوتن ئەوە تووشی قەیران و کێشەیەکی گەورە دەبین.
لە لایەکی دیکەوە ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هۆشداریی دەدا و دەڵێ تەنیا چەن حەوتوو کاتمان هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و ئەگەر وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن تووشی شکست بێ ئەوە ئەمریکا ڕێگە چارەی دیکە دەگرێتەبەر و هیچ کات ئیزن نادات ڕێژیمی ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی.