نەفتالی بێنێت، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆککۆماری ڕووسیە جەختی لەسەر گرینگیی ڕووبەڕووبوونەوەی جیددی لەهەمبەر بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران کردەوە.
ئۆفرا جێندلێمەن، وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی هەینی ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی ڕایگەیاند کە لە پێوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆککۆماری ڕووسیە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە دەبێ وڵاتی ڕووسیە لەهەمبەر بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران بڕیارێکی لێبڕاوانە بدات.
بەپێی ئەوبەیاننامەیەی کە دەفتەری سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڵاوی کردۆتەوە هەر دوو وڵات لەسەر پاراستنی ئەمنییەتی ناوچەکە قسەیان کردووە و ڕێککەوتنیان لەسەر درێژەی هاوکارییەکانیان لە ناوچەکەدا دووپات کردۆتەوە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پێوەندی لەگەڵ وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بە سەرۆککۆماری ڕووسییەی ڕاگەیاندووە کە دەبێ بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی سەرەڕۆییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران ببینەوە و به هیچ جۆرێک نابێ ئیزن بدەین ئەو وڵاتە تێرۆریستە ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی.