پڕۆسەی دادگاییکردنی حەمید نووری لە ساڵی نوێی زایینیدا لە دادگای ناوەندیی ستۆکهۆڵم دەستی پێکردەوە.
ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە ١١- ١٢ی ژانویەی ٢٠٢٢ی زایینی، پڕۆسەی دادگاییکردنی حەمید نووری (عەبباسی) دەستی پێکردەوە و لەو قۆناغەی دادگاییکردنەشدا، هەر وەک پێشوو، نوێنەری کومیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەڕێز “حەسەن حاتەمی” بەشداری دانیشتنەکانی دادگا بوو.
لە ڕۆژی سێشەممەدا، “ئەبولقاسمی سولەیمانپوور” وەک شاهیدێکی جینایەتەکانی بەڕێوەبەرانی زیندانەکانی “ئێڤین” و “گەوهەردەشت” ئاماژەی بەوە کرد کە ماوەی ٢ ساڵ مافی بەبێ چاوپێکەوتنی بنەماڵە و بێ چوونە دەرەوە لە ژووری تاکەکەسی لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئەوین، زیندانی کراوە و دواتر لەلایەن هەیئەتی مەرگ لە ساڵی ١٣٦٧ دا، بە لێدان قامچی مەحکووم کراوە و نوێژی زۆرەملێی پێ کراوە و لە کۆتاییشدا لە ١١ی جۆزەردانی ١٣٦٨هەتاویدا، سێ ڕۆژ پێش مردنی خومەینی، دوای ٨ ساڵ بەندکران، ئازاد کراوە.
لە ڕۆژی چوارشەممەدا، “ئازەرنووش هیممەتی ئەلیزەیی” وەک شاهید لە دادگا ئامادە بوو بوو. ناوبراو لە ١٩ی ڕەشەمەی ١٣٥٩دا، لەگەڵ هاوڕێیەکی دیکەیدا دەگیرێ و ٧ ساڵ زیندانی دەکرێ و دواترهاوژینە کەیشی زیندانی دەکرێ.
هیممەتی لە دادگا ڕایگەیاند کە “ناسریان” – کە ئێستا بە ناوی “قازی مقیسە” ناوی دەبردرێ، قەسابی ڕۆژنامەنووسان و جیابیران، لەگەڵ “عەبباسی” ئەوکات و “نووری”ی ئێستا، لە دیارترین سەرکوتکەرانی فیزیکی و دەروونیی زیندانەکانی ئێڤین و گەوهەردەشت بوون.
ئازەرنووش هیممەتی ئەلیزەیی و هاوژینەکەی لە ڕەشەمەی ١٣٦٧، لە زیندانی ئێڤین ئازاد کراون.
شایانی باسە کە لە ڕۆژی چوارشەممەدا، لە دەرەوەی بینای دادگای ناوەندیی ستۆکهۆڵم، لە کاتی یەک کاتژمێر و نیو پشووی نیوەڕۆی دادگادا، حەسەن حاتەمی، نوێنەریی حیزب لە پەڕاوێزی دادگای نووریدا، ئاڵای کوردستان، وێنەی شەهید “حەیدەر قوربانی” و دروشمگەلێکی بە چوار زمانی کوردی – فارسی- سوئێدی و ئینگلیسی نیشان دا، کە ژمارەیەک لە ڕێبواران و ئەندام و لایەنگرانی حیزب و رێکخراوەکانی بەشدار لە شوێنی دادگا، پێشوازییان لێکرد.