دوای ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان تەقینەوەی رۆژی پێنجشەممەی شاری ئامەد لە باکووری کوردستانی بە ئەستۆ گرت کە تێیدا پاسێکی پۆلیسی ئەو وڵاتە تەقێندرایەوە، فرۆکە شەڕکەرەکانی تورکیا بە بیانووی هەبوونی بنکەکانی پەکەکە، دەڤەری شاری ئامێدی لە باشووری کوردستانیان بۆردومان کرد.
کاتژمێر ١٠ی پێشنیوەڕۆی رۆژی هەینی ١٣ی خاکەلێوە فرۆکەکانی سپای تورکیا بۆ ماوەی یەک کاتژمێر چیا و بەرزاییەکانی دەڤەری شارەدێی کانی ماسی سەر بە شاری ئامێدی لە باشووری کوردستانیان بۆردومان کرد. بە وتەی بەرپرسانی ئیداریی هەرێمەکە، ئەو هێرشە زیانی ئابووری و گیانی بۆ هاوڵاتیانی باشووری کوردستان بە دواوە نەبووە بەڵام لە رادەی زیان بۆ سەر گریلا و بنکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان زانیاریەک لە دەستدا نییە.