سێ کۆڵبەری خەڵکی ناوچەی مەڕگەوەڕ بەهۆی بەفر و کڕێوە لە ناوچەی سنووریی گەلی بێنار بێسەروشوێن بوونە.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز”، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٠، سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی “ئەسعەد سەیدانی فەرد، بازید(بەهلوول) سەیدانی فەرد و بارزان مەهینی” خەڵکی ئاوایی “باوان” سەر بە دەڤەری مەڕگەوەڕ بەهۆی سەقا و بەفر و کڕێوە لە ناوچەی سنووری کوێستانەکانی داڵانپەڕ (گەلی بێنار) ماونەتەوە و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەو سێ کەسە لەبەردەستدا نییە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دەڤەری مەڕگەوەڕ لەم بارەوە ڕایگەیاندووە کە: ئەو سێ کۆڵبەرە لە ڕێگای گەڕانەوە دابوون کە بەهۆی سەختیی ڕێگا و بەفر و کڕێوەی زۆر ڕێگایان لێ هەڵە بووە و لەو ناوچەیە بێسەروشوێن بوونە و هەتا ئێستا دوای دوو شەو گەڕان هیچ زانیارییەکمان لێ نین.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی: خەڵکی ئاواییەکانی باوان و چەند گوندی دیکە پێکەوە بۆ دۆزینەوەی ئەو سێ کەسە بەرەو کوێستانەکانی سنووری گەلی بێنار چوونە، بەڵام هەتا ئێستا کەس نەدیتراوەتەوە.
شایانی باسە کە ئەو سێ کۆڵبەرە خزمی یەکترن، بارزان بە تەمەنی ١٨ ساڵ لە هەمووان بچووکترە و دوو کۆڵبەرەکەی دیکەش خێزاندارن.