لە ئەنجامی تێکەڵچوونێکدا کە رۆژی پێنج شەممە ١٢ی خاکەلێوە لە شاری ئێرانشاری پارێزگای بلوچستان هاتە ئاراوە، پلەدارێکی هێزی ئینتزامیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا.
تێکەڵچوونەکە کاتێک رووی دا کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەیانویست هەڵکوتنە سەر گروپێکی چەکداری نەیاری رێژیم. لە ئەنجامیشدا ستوان یەکەم تەقی زادە سەرۆکی ئیدارەی تاوانە جیناییەکان لە شاری ئێرانشار، کوژرا.
شیاوی ئاماژەیە کە بەرخودانی بلوچەکان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ سەرکوتی توندی هێزە چەکدارەکانی ئەو رێژیمە بەرەوڕوو بۆتەوەو هەر جۆرە بەرخودانێکی ئەوان بە قاچاخی مادە هۆشبەرەکان یان کردەوەگەلی کەسانی شەڕخواز لە قەڵەم دەدەن.
هاوکات لە شاری کازروون لە پارێزگای فارسیش سێ مەئموری هێزی ئینتزامی کوژران.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریە ناوخۆییەکانی ئێران رۆژی ١٢ی خاکەلێوە، کەسێک کە بە تۆمەتی قاچاخی مادە هێرشبەرەکان لە لایەن مەئمورەکانی هێزی ئینتزامیەوە دەستبەسەر کرابوو، لە دەرفەتێکدا دەستی بە سەر چەکی یەکێک لەو مەئمورانەدا داگرت و هێرشی کردە سەریان. لە ئەنجامیشدا سێ مەئمور کوژران و یەکێکیش بە توندی بریندار بوو. دەشڵێن کە کەسی هێرشبەر بریندار بووە.
ناوی ئەو سێ کوژراوە بریتین لە سەروان یوسف فەرهادی، ستوان یەکەم عەباسی و ستوان سێهەم سەلمان عایدی.