باڵوێزی وڵاتانی شۆرای هاوکاریی کەنداو لەگەڵ ڕابێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران کۆ بوونەوە و نیگەرانیی خۆیان لەسەر زێدەڕۆییەکانی ئەو ڕێژیمە دەربڕی.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لێژنەی باڵوێزی وڵاتانی شۆرای هاوکاریی کەنداو لەگەڵ ڕابێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران کۆبوونەوەیەکیان لە شاری ڤییەن، پێتەختی وڵاتی ئوتریش لەسەر زێدەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران، بەڕێوە برد و لەو کۆبوونەوەیەدا باڵوێزانی وڵاتانی شۆرای هاوکاریی کەنداو، نیگەرانیی خۆیان لەسەر سەرەڕۆییە ئەمنییەتییەکان و زێدەڕۆییەکانی ئەو ڕێژیمە لە بواری چەکی ناوکیی دەربڕی و ڕابێرت ماڵی بە لایەنی بەرانبەری کۆبوونەوەکەی ڕاگەیاندووە کە بە دڵنیایییەوە ولاتانی کەنداو بە هاوکاریی هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکە، هەوڵ بۆ پێشگرتن بە زێدەڕۆییەکانی ئەو ڕێژیمە دەدەن.
لەم پێوەندییەدا باڵوێزی عەرەبستانی سعوودی لە لاپەرەی تویتێریی خۆیدا ڕایگەیاندووە: لێژنەی باڵوێزەکانی وڵاتانی شۆرای هاوکاریی کەنداو نێگەرانیی خۆمی لەسەر دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە و پاڵپشتییەکانی ئەو ڕێژیمە لە گرووپە میلیشیا تێرۆریستییەکان دەربڕیوە”.
هاوکات “نێد پرێس”، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا لەم بارەیەوە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە وڵاتانی هاوپەیمانانی ئەمریکا لە کەنداو لە هەر ئەگەرێکی وتووێژەکان ئاگادار دەکەنەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە بۆ پێشگرتن بە دروستکردنی چەکی ناوکیی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، لەگەڵ هاوپەیمانەکانی خۆی هاوکاری دەکات.