منداڵێکی کورد و خەڵكی ماکوو لە پارێزگای ورمێ پلەی سێهەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی نیگارکێشانی بەدەست هێنا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، “ئاوا فازڵی”، تەمەن ٧ ساڵان و خەڵکی ماکوو لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی نێگارکێشانی منداڵان، لەنێوان ٥٠٠ بەرهەمی بەشداربوودا توانی پلەی سێهەم بەدەست بهێنێت.
شایانی باسە کە ئەو فێستیڤاڵە بە بەشداریی ٥٠٠ نیگاری منداڵان و مێرمنداڵانی ١٣ وڵات لە وڵاتی چین بە دروشمی “تەندروستی، دۆستی و یەکگرتوویی” بەڕێوە چوو؛ لە وڵاتی ئێران ١٩ منداڵ و مێرمنداڵ بەشدار بوون کە “ئاوا فازڵی” لەنێوان بەشداربووانی ئێرانی پلەی یەکەم و وێڕای خەڵاتی پلەی سێهەمی فێستیڤاڵەکە، دیپلۆمی شانازیی ئەو فێستیڤاڵەشی وەرگرت.
منداڵان و مێرمنداڵان و لاوانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ساڵانی ڕابردوودا زۆر باش توانیویانە لە ئاستی کێبڕکێ و فێستیڤالە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکاندا پلە و خەڵاتگەلێكی باش بەدەست بێهنن، بەڵام لەلایەن ڕێژیمی ئێڕانەوە پەراوێز خراون و بە ڕادەی پێویست بایەخیان پێ نەدراوە.