وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، سەرەڕای دەربڕینی ناڕەزایەتیی ئەمریکا لەهەمبەر بەرەوپێشچوونی خاوی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن وتی: دەبێ خێرایی وتووێژەکانی ڤییەن لەگەڵ خێرایی بەرەوپێشجوونی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران هاوسەنگ بێت.
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئاماژە بە وتووێژەکانی ڤییەن لەنێوان وڵاتانی زلهێز و ئێران بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی، سەرەڕای دەربڕینی نارەزایەتیی ئەمریکا لە ڕەوتی وتووێژەکان وتی: نابێ وتووێژەکان هێندە لەسەرەخۆ بچنە پێشەوە و لەلایەکی دیکەوە ڕێژیمی ئێران زۆر بە خێرایی پەرە بە بەرنامە ناوکییەکانی بدات.
هەر لەم پێوەندییەدا “ژان ئیۆ لۆدێریان” وەزیری دەرەوەی فەرانسە ڕایگەیاندبوو کە سەرەڕای بەدەستهێنانی هێندێک دەسکەوت لە وتووێژەکانی ڤییەن تا ئێستاش بۆشاییەکی زۆر لەنێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهانیی بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی هەیە.
لۆدێریان بە ئەندامانی پەرلەمانی فەرانسەی ڕاگەیاندووە کە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن هیچ خێراییەک بە خۆیەوە نابینێ و ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لە ماوەیەکی دیاریکراودا زۆر کەم و ئەستەمە.
وەزیری دەرەوەی فەرانسە بە ئاماژە بە چالاکییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران وتی: گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا زۆر پێویستە و لە ئێستادا لە قۆناغێکی مەترسیدار داین و ڕێژیمی ئێران گەیشتۆتە قۆناغێک پێش دەستپێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکیی.