لە درێژەی هێرشی ئاسمانیی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆسەر میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە پارێزگاکانی مەرئەب و بەیزا، ٢٠٠ چەکداری ئەو گرووپە کوژران.
بنکەی هەواڵدەریی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتی یاساییی یەمەن، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند؛ هێزە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانیی عەربی لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٧ هێرشی ئاسمانییان کردۆتە سەر بنکە و مۆڵگەکانی میلیشیا حووسییەکان لە پارێزگای مەرئەب و لە ئاکامدا ١١٠ میلیشیای حووسی کوژراون و ١١ ماشینی سەربازیی ئەو گرووپە تێکشکێندراوە و هەروەها هاوکات هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانی عەرەبی بە فڕۆکە شەڕکەرەکانیان بنکە و مۆڵگەکانی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیان لە پارێزگای بەیزا کردۆتە ئامانج و لە ئاکامدا ٩٠ میلیشیای حووسی کوژراون و ١٠ ماشینی سەربازیی ئەو گرووپەش تێکشکێندراوە.
هەر لەم پێوەندییەدا هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، ڕۆژی چوارشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئەرتەشی دەوڵەتی یاساییی یەمەن ناوچەگەلێکی نوێی لە ناوچەی حەریب خستووەتە ژێر چاوەدێری خۆیەوە و هەتا ٣ کیلۆمیتری ئوردوگای ئیستراتیژیکی” ئۆم ڕەیش” چووەتە پێشەوە.