دەزگای ئەمنییەتی نێوخۆیی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هەوڵەکانی مۆرەیەکی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانمان کە دەیویست لەنێو ژنانی ئیسرائیلیدا بە مەبەستی سیخوڕی بۆ ڕێژیمی ئێران ئەندامگیری بکات، پووچەڵ کردووەتەوە.
ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی بەفرانباری١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاند کە دەزگای ئەمنییەتی نێوخۆیی ئیسرائیل ” شاباک” هەوڵەکانی مۆرەیەکی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانیان بە ناوی” ڕامبۆد نامدار” کە ویستوویەتی لە ڕێگەی پێوەندیگرتن بە چەند ژنی ئیسرائیلییەوە سیخوڕی لەسەر ئیسرائیل بکات، پووچەڵ کردۆتەوە.
شاباک لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە ڕامبۆد پاش پێوەندیگرتن لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکەوە ویستوویەتی کە ئەو ٥ ژنە وەکوو ئەندام و سیخوڕ بە قازانجی ڕێژیمی ئێران لە ئیسرائیل بەکار بهێنێ.
دەزگای ئەمنییەتی نێوخۆیی ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاندووە کە پاش ئەوەیکە ئەو مۆرە ئیتلاعاتییەی ڕێژیمی ئێران لە فەیسبووک پێوەندیی بەو ژنانەوە دەگرێ، داوایان لێدەکات لەهەمبەر پێدانی پارەیەکی زۆر زانیارییە نێوخۆییەکانی ئیسرائیل بەو کەسە ڕابگەیێنرێت، بەڵام شاباک بەو پلانەی زانیوە و هەوڵەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانی پووچەڵ کردۆتەوە.