سەرەڕای بارینی باران و بەفر و تەرزە لە بەشێکی زۆر لە شار و ناوچەکان، دانیشتوانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک نەریتی ساڵانە لە رۆژی سێزدەبەدەر دا بەرەو داوێنی سروشت چوون. هاوکات ژینگەپارێزان و رێکخراوەکانی ژینگەپارێزی چالاکیەکانی خۆیان بۆ پاراستنی هەرچی زیاتر و باشتری سروشتی کوردستان چڕ کردەوە.
بە پێی ئەو راپۆرت و وێنەهەواڵانەی بە ناوەندی هەواڵی کوردستان و کورد گەیشتوون، چالاکانی ژینگەپارێزی لە سەرجەم شار و ناوچەکانی کوردستان، بە وەستان لە سەر رێگای چوونەدەری دانیشتوانی شارەکان، ئەوانیان بەرەو داوێنی سروشت بەڕێ کرد. هاوکات بە دابەشکردنی کیسەی نایلۆن، بە هەڵواسینی پلاکارد و بڵاوکردنەوەی داواکاری بۆ پاراستنی ژینگە، هاوڵاتیانیان سەبارەت بە پاراستنی هەرچی زیاتری سروشت، چۆنیەتی پاراستن و زیانەکانی پیس کردنی سروشت بە زبڵ و زاڵ، وشیار کردەوە.