خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان بەهۆی هێرشە چڕوپڕەکانی هێزەکانی ئەرتەشی تورکیە، ڕۆژاوا بەجێ دەهێڵن و ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن.
بە هۆکاری گوشار و هێرشە چڕوپڕ و بەردەوامەکانی هێزەکانی تورکیە لە ناوچە داگیرکراوەکانی ڕۆژاوای کوردستان، خەڵکی خۆجێیی و مەدەنیی ڕۆژاوای کوردستان ناوچەکانی خۆیان بەجێ دەهێڵن و پەنا بۆ هەرێمی باشووری کوردستان دەهێنن.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ڕۆژاوای کوردستان، لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە هۆکاری گوشارە لەڕادەبەدەر و هێرشە چڕوپڕ و بەردەوامەکانی هێزەکانی تورکیە بۆسەر ناوچە داگیرکراوەکانی ڕۆژاوای کوردستان، زیاتر لە ٧٠٠ کەسی خۆجێیی و مەدەنی، ناوچەکانی ڕۆژاوای کوردستانیان بەجێ هێشتووە و ڕوویان لە باشووری کورستان کردووە و زۆربەی ئەو کەسانەش پەنایان بۆ پارێزگای دهۆکی هەرێمی کوردستان بردووە.
هەنووکە هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوەی کە دەسەڵات و حکومەتێکی یاساییە و لە ئاستی ناوخۆییی وڵاتی عێراق و نێودەوڵەتیشدا دانی پێدا نراوە، بووەتە مەکۆ و پەناگەیەک بۆ ئاوارەکانی پارچەکانی تری کوردستان، بۆیە لە ساڵانی ڕابردووشدا هەزاران خەڵکی مەدەنیی ڕۆژاوای کوردستان بەهۆی هێرشی هێزەکانی تورکیە و گرووپی تیرۆریستیی داعش پەنایان بۆ هەرێمی باشووری کوردستان هێناوە و لە ناوچەکانی باشووری کوردستان نیشتەجێ بوونە.