خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە چەند شارێکدا هێرشیان کردووە سەر مۆرە و دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دامودەزگا سەرەکییەکانی ئەو ڕێژیمەیان ئاگر تێبەر داوە.
لە درێژەی ناڕەزایەتی و تووڕیی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە چەند شارێکی ئێران، خەڵک هێرشیان کردووەتە سەر دامودەزگا سەرەکی و سەرکوتکەرانەکانی ئەو ڕێژیمە و ئاگریان تێبەر داون و تەقەیان لە مۆرە و بەرپرسانی ڕێژیم و بڕیاردەرانی سەرەکیی سەرکوت و کوشتنی خەڵک کردووە.
لەم پێوەندییە و لە ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری تاران، خەڵکی ئەو شارە هێرشیان کردووە سەر بنکەیەکی سپای تێرۆریستیی پاسداران و دەرگای ئەنباری “حۆجەج”ی سپای تاران، هەروەها خەڵکی یاسووج هێرشیان کردووەتە سەر ستادی هەواڵگریی ١١٣ی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو شارە و خەڵکی ئێسفەهانیش هێرشیان کردووەتە سەر حەوزەی عێلمییەی ئاخوندەکانی ئەو شارە و قەرارگای سپای تێرۆریستیی پاسداران بە ناوی “مەیسەم” لەو شارە و خەڵکی ئەو شارانە ئەو بنکە تێرۆریستی و سەرکوتکەرانەی ڕێژیمیان ئاگریان تێبەر داوە.
هەر لەم پێوەندییەدا خەڵکی شاری ڕەشت لە پارێزگای گیلان لە باکووری وڵاتی ئێران، بە نارنجۆکی دروستکراوی خۆیان، واتە نارنجۆکی دەستی هێرشیان کردووەتە سەر بینای دادگای گشتیی ناوچەی “لەشت نێشا” و ئاگریان تێبەر داوە، هەروەها لە ڕۆژی ڕابردووشدا خەڵکی شارستانی ئیزە لە پاڕیزگای خووزستان بە چەکەوە هێرشیان کردە سەر ماڵی “حەسەن نەبەوی”، سەرەپەرەستی فەرمانداریی ئەو شارە و تەقەیان لە ماڵەکەی کردووە و لە ڕۆژی ١٩ی بەفرانباریشدا “فەرشاد نەقدی”، بەرپرسی شارەوانیی شاری “دەزهەر”ی سەر بە شارستانی ئیزە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و کوژراوە.
سەرەڕای بەردەوامیی تووڕەیی و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شار و ناوچەکانی وڵاتی ئێران بەدژی دەسەڵاتی کۆنەپەرەست و سەرەڕۆی ڕێژیمی داگیرکەری ئاخوندی لە ساڵانی ڕابردوودا، لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە ناڕەزایەتییەکان هەر بەردەوام بوون و خەڵکی ناڕەزایی ئەو وڵاتە بەردەوام هێرشیان کردووە سەر مۆرە و هێز و دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ئەو ڕێژیمە کە یان ئاگریان تێبەر داون یان مۆرەکانی ڕێژیمیان کوشتووە.