پارێزگای کرماشان یەکێک لەو پارێزگایانەی ئێرانە کە ڕێکۆردداری کۆچی لاوانە بۆ دەرەوەی وڵات.
بێکاری سەرەکیترین کێشەی پارێزگای کرماشانە و ئەو پارێزگایە ڕێکۆردی کۆچی لاوانی بۆ دەرەوەی وڵات لە ئێراندا هەیە.
بەپێی زانیارییەکان، پڕۆژەی هێڵی ئاسنینی پارێزگای کرماشان پشتگوێ خراوە و هەروەها پشتگوێ خستنی ناوچەی سنووریی “قەسری شیرین” و پلانە نیوەچڵەکان لە بواری گەشتیاریی هۆکاری سەرەکیی قەیرانی بێکاری لەو پارێزگایەن کە پێویستە هەوڵی وەگەڕخرانەوەیان بۆ بدرێ.
هاوکات پارێزگای کرماشان لە بواری پێوەری چارەڕەشی پەلی دووەمی لە ئێراندا هەیە و نۆ پلە لە نێونجیی ئێران لە سەرووترە و نێونجی داهاتی ساڵانەی تاک لەو پارێزگایە ٢٤ میلیۆن و ٥٦٨ هەزار تمەنە و ئەو ڕێژەیە پازدە میلیۆن تمەن لە نێونجیی ئێران کەمترە.
جیێ ئاماژەیە کە ساڵانە بە سەدان کەس لە گەنجانی پارێزگای کرماشان بەهۆی نەبوونی هەلی کار و بێهیوایی و بەهیوای گەیشتن بە ژیانێکی ئارام وڵات بەجێ دەهێڵنن و ڕوو دەکەنە وڵاتانی دەرەوە و تا ئێستا لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بێكاری لەو پارێزگایە نەدراوە.