هاووڵاتییەکی خەڵکی ورمێ کە حەوتووی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ورمێ دەسبەسەر کراوە، چارەنووسی نادیارە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، حەوتووی ڕابردوو هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی ماوانەی ناوچەی تەڕگەوەڕی ورمێ، کە دانیشتووی شاری ورمێ بووە، بە ناوی “حەسەن عومەرپوور” تەمەن ٢٦ ساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای ئەو شارەوە بەبێ پیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
جێی ئاماژەیە کە سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ ناوەندە پێوەندیدارەکان هیچ وڵامێکیان وەرنەگرتۆتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکران و شوێنی ڕاگیرانی حەسەن عومەرپوور لەبەردەستدا نییە و چارەنووسی ناڕوونە.
شایانی باسە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا شەپۆلێکی نوێی گرتن و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە کوردستان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژێمی ئێرانەوە دەستی پێکردووەتەوە.