کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پێشوازیی ٢ی رێبەندان، یادی ٧٦ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان سەرجەم بەڵگەنامەی کۆنگرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لە توێی دوو بەرگدا چاپ و بڵاو کردەوە.
عەلی بداغی، بەرپرسی کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ “کوردستان و کورد” لەبارەی گرینگیی کۆکردنەوە و لەچاپدانەوەی سەرجەم بەڵگەنامەی کۆنگرەکانی حیزبی دێموکرات گوتی: “مێژووی نزیک بە هەشت دەیە خەباتی حیزبی دێموکرات پڕە لە خاڵگۆڕان و دەسکەوتی سیاسی، داهێنان و جێخستنی نۆڕم و بایەخی شۆڕشگێڕی و مەدەنی و، هاوکات ئەم حیزبە بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێشتا لە خەباتێکی بەردەوامدایە. هەروەها مێژووی ٧٦ ساڵ هەبوون و خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان سامانێکی گرینگ و بەبایەخە لە مێژووی کورد و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمانەکەی.”
ناوبراو لە درێژەدا گوتی: بەشێکی زۆر لە بەڵگەنامەکان و مێژووی نووسراوی ئەم حیزبە بەهۆی بارودۆخی سەختی ژیانی سیاسیی حیزب و ڕەوتی پڕ هەوراز و نشێوی جووڵانەوەی کورد فەوتاوە، یان بەباشی نەپارێزراوە و بەشێکیشی بەداخەوە بەردەست نییە.
بەڵگەنامەی کۆنگرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە دێکیۆمێنت و بەڵگەنامەی نووسراوی سەرجەم کۆنگرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان (کۆنگرەی یەک تا حەڤدە)ی لە خۆی گرتووە، ١٢٠٠ لاپەڕەی A4ـە و لە توێی دوو بەرگدا چاپ کراوە.