درۆ و چەوشەکارییەکانی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران کۆتاییان پێ نایەت و لەو چوارچێوەیەدا ئاخوندێکی سەر بە ڕێژیم بانگەشەی ئەوە دەکا کە: بەو هێز و تواناییەی کە هەمانە دەتوانین ئاسایشی ١٨٠ میلیۆن کەس لە ئێران دابین بکەین.
ڕەزا ئەکرەمی، یەکێک لە ئاخوندەکانی ڕێژیمی ئێران دەڵێ: “بەو هێز و تواناییە کە ئێمە هەمانە دەتوانین ئاسایشی ١٨٠ میلیۆن کەس دابین بکەین و توانایی و لێهاتوویی وڵاتی ئێمە بە جۆرێکە کە نە تەنیا ٨٠ میلیۆن کەس ئیدارە بەکەین بەڵکوو دەتوانین ١٨٠ میلیۆن کەس ئیدارە بکەین و ئەمنییەت و ئاسایشیان بپارێزین”.
ناوبراو دەڵێ لە ئێستادا لە کۆمەڵگەدا کەسانێک هەن کە هاوکات چەند کاریان هەیە ئەگەر یەکێک لەو کارانە لەوان بستێننەوە بیدەن بەو کەسانەی کە بێکارن ئەوە کێشەی بێکاری چارەسەر دەبێ و دەبێ ئەوەش بڵێین کە هەر کەسیش دەبێ لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێ.
ئەو قسە و چەواشەکاریانەی ناوبراو لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارەکانی خودی ڕێژیم لە حەشیمەتی ٨٠ میلیۆن کەسی ئێران، یەک لە سێی خەڵکی ئەو وڵاتە لەژێر هێڵی هەژاریدان و بۆ سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان دادەمێنن و ڕێژەی بێکاری گەیشتووەتە ئاستی قەیران.