سێ کەس لە دەسبەسەرکراوانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردووی کوردستان هێشتا لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراون و چارەنووسیان ناڕوونە.
بەپێی راپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی یەک ساڵ بە سەر دەسبەسەرکرانی سێ چالاکی کورد بە ناوەکانی فەرزاد سامانی و ساکار عەینی خەڵکی مەهاباد و محەممەد هووشەنگی خەڵکی جوانڕۆ، ئەو سێ کەسە هێشتا دادگایی نەکراون و لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراون.
ئەم سێ چالاکە کوردە لەلایەن ناوەندە ئیلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە بە تۆمەتی شەڕی چەکداری دەسبەسەر کراون و پەروەندەکەیان ڕەوانەی لقی یەکەمی دادگای بەناو ئینقلابی مەهاباد بە سەرۆکایەتی قازیی ڕێژیم جەواد غوڵامی کراوە، بەڵام پاش ٥ مانگ ئەم دادگایە هێشتا خۆی دەبوێرێ لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگایی ئەم سێ کەسە.
ئەم سێ کەسە تەنیا بەپێی دانپێدانانی زۆرەملێی چەند کەس لە دەسبەسەرکراوانی دیکە لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە و تۆمەتی شەڕی چەکدارییان خراوەتە پاڵ و بە وتەی پارێزەرەکانیان سپای تێرۆریستیی پاسداران جیا لەوە هیچ بەڵگەیەکی دیکەی ڕەوانەی دادگای مەهاباد نەکردووە.
فەرزاد سامانی خوێندکاری قۆناغی کۆتایی ماستەری کۆمەڵناسیی زانکۆی خوارەزمیی کەرەج و ساکار عەینی دەرچووی بەشی بیناسازی زانکۆی ورمێیە کە هەر دوو خەڵکی مەهابادن ، لە رۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٣٩٩ و محەممەد هووشەنگی خەڵکی جوانڕۆ، لە ٢١ی بەفرانبار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسدارانەوە لە شارەکانی کەرەج و تاران دەسبەسەر و بۆ ورمێ گوازراونەتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە لە ڕەوتی ڕەشبگیری و دەسبەسەرکردنە بەربڵاوەکانی هاووڵاتییانی کورد لە بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، زیاتر لە ١١٥ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.