ئاخوندەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە دەسەڵاتی خەڵک ترسیان لێ نیشتووە و ئەو ترسەشیان بۆ ناشاردرێتەوە و دان بەوەش دادەنێن کە ڕووخانی ڕێژیم زۆر نزیکە.
سەرەڕای گشت پڕوپاگەندا و هەوڵە بەردەوامەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ چەواشەکاری و شاردنەوەی بێزاربوون و ناڕەزایەتیی خەڵک لەو ڕێژیمە و نیشاندانی وڵاتی ئێران بە دورگەی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە و تەنانەت جیهانیشدا، ئاخوندەکانی سەر بە ڕێژیم زۆر جار ناتوانن ترسی خۆیان لە دەسەلاتی خەڵک بشارنەوە و بە ڕاشکاوانە ئەو ترسە و ڕاستییەکانیش دەردەبڕن.
لەم پێوەندییەدا “مەجید ئەنساری”، یەكیک لە ئاخوندەکانی سەر بە ڕێژیم و نزیک لە خومەینی و خامنەیی کە لەماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوو و لەنێو ڕێژیمدا بەرپرسیارەتی جۆراوجۆر و دەسەڵاتی ڕەهای هەبووە، نەیتوانی ترسی خۆی و ڕێژیمیش لە دەسەڵاتی خەڵک بشارێتەوە و لە ڕۆژانی ڕابردوو و لە گرتەڤیدیۆیەکدا ئەو ترسەی دەربڕی و ڕایگەیاند کە ئیتر ئەگەری ڕاگرتنی نیزامی ئیسلامیی ئێران زۆر زۆر ئەستەمە.
ئەو ئاخوندە لە بەشێکی قسەکانیدا وتوویەتی: “ئەگەر هێزە ئەمنییەتی و سەبازییەکانی کۆماری ئیسلامی، هێزی نیزامیی کۆماری ئیسلامی بگەیەننە ئاستی هێزی یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوو کە یەکەمین یان دووهەمین هێزی ناوکیی هەبوو، ئەگەر گەورەترین بەرهەمێنەری کەرەستەی سەربازی و چەکوچۆڵی جیهان بین و خەڵک پشتیوانی حکومەت و نیزام نەبن، ئەو هێز و دەسەڵاتەمان وەکوو بەفری بەهار بە یەک ڕۆژ دەتوێتەوە و لەنێو دەچین”.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا ڕایگەیاندووە کە ئەگەر بەرپرسان و کاربەدەستان و بەگشتی ڕێژیمی ئێران پێیان وایە کە خەڵکی ئێران خەڵکێکن کە ئەوان هەرچییان وت و خەڵک بڵێن بەسەرچاو، ئەوە بە تەواوەتی لە هەڵەدان و بەو شیوەیە نییە کە بیری لێ دەکەنەوە، بۆ نموونە بینیمان کە چۆن لە ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی زەنگی مەترسی بۆ ڕێژیم لێ درا و تاکوو ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەر ئەو مەترسییانەمان لەسەرە و بەردەوام دووپاتە و چەندپاتە دەبێتەوە.