لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران بەدژی دەسەڵاتی گەندەڵی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی ڕابردوو ٧ کوبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و گەندەڵی ئاخوندی ٧ کۆبوونەوە ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو و هەروەها شوفێر پاسەکانی ورمێش دەستیان دایە مانگرتن.
کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆی پزیشکیی تاران لەبەردەم بینای مەجلیسی ڕێژیم لە تاران، شوفێر ئۆتووبووسەکانی یەکەی ئۆتووبووسڕانی تاران لەبەردەم بینای سەرۆککۆماری لە تاران، کارمەندانی بەنداوی کاروون لەبەردەم بینای ئیدارەی ئاو و کارەبای خووزستان، کرێکارانی پیشەی پێترۆشیمی ماڕوون لە حەوشەی کۆمپانیاکە، هاوولاتییانی دانیشتووی شاری مەجن لەبەردەم بینای دادگوستەری سێمنان، کڕێکارانی گرێبەستیی شارەوانیی مەشهەد لەبەردەم بینای شارەوانی ئەو شارە و کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی هێزە ئینتیزامییەکانی ئیلام لەبەردەم ئیدارەی خانەنشینیی ئیلام بەڕێوە چوو.
هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان شوفێر پاسەکانی ورمێ بە مەبەستی گەیشتن بە ویست و داخوازییەکانیان دەستیان دایە مانگرتنی گشتی.