لە درێژی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆسەر میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە پارێزگاکانی مەرئەب و شەبوە، ٢٧٠ میلیشیا کوژران و ٣٦ ماشینی سەربازیی ئەو گرووپە بە تەواوەتی تێکشکێندراوە.
هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتی یاساییی یەمەن، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە لە درێژەی هێرشە ئاسمانییەکانمان بۆسەر بنکە و مۆڵگەکانی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە یەمەن لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، فڕۆکە شەڕکەرەکانمان ١١ هێرشی ئاسمانییان کردوەتە سەر میلیشیاکان لە پارێزگای مەرئەب و لە ئاکامدا ٥٠ میلیشیای حووسی کوژراون و٧ ماشینی سەربازیی ئەو گرووپەش بە تەواوەتی تێکشکێندراوە.
هەروەها لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە هاوکات فڕۆکە شەڕکەرەکانمان ٣٨ هێرشی ئاسمانییان لە پارێزگای شەبوە کردۆتە سەر بنکە و مۆڵگەکانی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە رێژیمی ئێران کە لە ئاکامدا ٢٢٠ میلیشیای حووسی کوژراون و ٢٩ ماشینی سەربازیی ئەو گرووپەش بە تەواوەتی تێکشکێندراوە.
جێگای ئاماژەیە کە سەرجەم ١٠ شارەکەی پارێزگای شەبوە ئێستا لە ژێر چاوەدێری و کۆنترۆڵی هێزەکانی دەوڵەتی یاساییی یەمەن دایە و میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ پارێزگای بەیزا پاشەکشەیان کردووە.