حوسێن سەلامی، فەرماندەی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژم دەڵێ: ئەگەر سپای پاسداران تەقەی لە فڕۆکە ئۆکراینییەکە نەکردبایە، ئەوە شەڕ ڕووی دەدا و ١٠ میلیۆن کەس گیانیان لەدەست دەدا.
ڕۆژنامەی شەرق، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری دوو کەس لە بنەماڵەی قوربانییانی فرۆکە ئۆکراینییەکە بە ناوەکانی” زەهرا مەجد و موحسێن ئەسەدی لاری” دایک و بابی “محەممەدحوسێن و زینەت ئەسەدی لاری” دەڵێ: حوسێن سەلامی فەرماندەی سپای پاسداران بە ئێمەی وتووە کە ئەگەر ئەو فڕۆکە ئۆکراینییە تەقەی لێنەکرابا و نەکەوتبایەتە خوارەوە ئەوە شەڕێکی قورس ڕوویدەدا و ١٠ میلیۆن کەس گیانیان لەدەست دەدا.
ئەو بنەماڵەیە هەروەها بە ڕۆژنامەی “شەرق”یان ڕاگەیاندووە کە بۆ بەرێوەبردنی ڕێوڕەسمی ماتەمین بۆ منداڵەکانیان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە چاوەدێرییان کراوە و ئیزنیان نەداوە تەنانەت رێوڕەسمێکی گەورە بۆ منداڵەکانیان پێک بهێنن.
جێگای ئاماژەیە کە زەهرا مەجد، ڕۆژی دووشەممە لە چاوپێکەوتنێکی دیکەدا لەگەڵ هەواڵدەریی” ئینساف نیوز” ڕایگەیاندووە کە ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە سپای پاسدارانی ئیران وەک قەڵغانێکی مرۆیی فڕۆکە ئۆکراینییەکەی کردۆتە ئامانج.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە سکاڵامان بەدژی عەلی شەمخانی بەرپرسی شۆرای باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، حوسێن سەلامی، فەرماندەی سپای پاسداران و هەروەها ئەمیرعەلی حاجیزادە، فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی سپا تۆمار کردووە.