سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئازادیی کردەیی بۆ ڕوودانی هەر ئەگەرێک لەهەمبەر ڕێژیمی ئێران لای ئیسرائیل پارێزراوە، لەبەر ئەوەیکە تاران و میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران گرینگترین کێشە و پرسی ئیسرائیلن.
نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە پەرلەمانی ئیسرائیل، سەبارەت بە وتووێژەکانی وڵاتانی زلهێزی جیهان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لەهەمبەر بەرنامەی ناوکیی ئەو ڕێژیمە وتی: ئیسرائیل بە هیچ جۆرە ڕێککەوتنێکی ناوکیی لەگەڵ ئێراندا پێبەند نابێ و ئازادیی عەمەل لەکاتی پێویستدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمی ئێران دەهێڵێتەوە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ڕێژیمی ئێران لە سەرووی هەموو پرسەکانی ئیسرائیلەوەیە، ئەو ڕێژیمە وەکوو هەزارپێ و هاوڕێ لەگەڵ میلیشیاکانی سەر بە تاران بەرەو سنوورەکانی ئیسرائیل دێن، هەر بۆیە ئیسرائیل بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕێژیمە.
بێنێت هەروەها ڕایگەیاند کە ئێمە پێبەند نابین بە هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان وڵاتانی ئورووپایی و ئێران و هەر کات بزانین بەرژەوەندییەکانمان لەلایەن ڕێژیمی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمەوە دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەوە بەبێ هیچ ئیزن وەرگرتنێک و بەربەستێک ڕووبەڕووی ئەو ڕێژیمە دەبینەوە.