“خالید قادرزادە ئەقدەم”، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و دڵسۆزێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری مەهاباد ماڵاوایی له ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ۱۸ی بەفرانباری ۱٤۰۰ی هەتاوی، کاک “خالید قادرزادە ئەقدەم” لەدایکبووی ساڵی 1335ی گەڕەکی هەرمەنیانی شاری مەهاباد، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ناوبراو کە لەنێو کۆڕی ھاوڕێیان و دۆستانیدا بە “خالیدە سوور ” ناسرابوو؛ کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتیمانپەروەر و کوردپەروەری شاری مەهاباد بوو کە ھەمیشە پشتیوانی لێقەوماوان و هەروەها بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدان بوو و ئاواتی هەرە مەزنی سەربەستی و ئازادیی گەلەکەی بوو، کاک خالی هاوکات یارمەتیدەرێکی خۆبەخشی شۆڕش و بەشێک لە کادر و پێشمەرگەکان و ئەندامانی حیزب لە ناوچەی مەهاباد بوو و لە زۆر کاتی هەستیاردا فریایان کەوتووە و جێگەی متمانەی خەڵک و حیزبی دێموکرات بووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچیدوایی خوالێخۆشبوو “خالید قادرزادە ئەقدەم” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.