وەزیری دەرەوەی گرووپی تاڵیبان و شاندێکی یاوەری، سەردانی تارانیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران کۆ بوونەوە.
ڕۆژی شەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، “ئەمیرخان موتتەقی”، وەزیری کاروباری دەرەوەی گرووپی تاڵیبان لە ئەفغانستان، لەگەڵ شاندێکی یاوەری گەیشتنە تاران و لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران کۆ بوونەوە.
ئەم کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنە لەسەر داوای فەرمیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بووە و لەو کۆبوونەوەدا دوو لایەن لەسەر زۆر بابەتی سیاسی، ئابووری و بازرگانیی نێوانیان وتووێژیان کردووە.
ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پشتریش چەندین جار بە شێوەی فەرمی ئامادەیی خۆی بۆ پاڵپشتیی ئابووری و بازرگانی و سیاسیی حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان ڕاگەیاندووە و تاکوو ئێستەش جیا لە کۆبوونەوە نهێنییەکان، چەندین جار ئاشکرا پێکەوە کۆبوونەوەیان لەسەر زۆر پرسی پێوەندیدار بە پاڵپشتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە تاڵیبان هەبووە و لەو بارەیەوە باس و وتووێژیان کردووە.
پاڵپشتیی ئابووری و بازرگانیی ڕێژیمی ئێران لە تاڵیبان لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئێران لەبەر گرانیی بازاڕەکان و هەڵاوسانی ئابووریی وڵات وەزاڵە هاتوون و ڕێژەی بێکاری و هەژاری ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر پەرە دەسێنێت.