هاووڵاتییەکی خەڵکی پاوە بە ناوی “شنە ئەحمەدی” کە پێشتر بە تۆمەتی هاوکاری حیزبێکی کوردستانی سزای بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، دەسبەسەر کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، شنە ئەحمەدی تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی پاوە پاش بانگکران بۆ دادگای ئەو شارە بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای سێ مانگ بەندکرانەکەی دەسبەسەر کرا و پاشان بۆ ناوەندی چاکسازیی و بارهێنانی کرماشان گوازراوەتەوە.
شنە ئەحمەدی ساڵی ڕابردوو هاتووەتە باشووری کوردستان و بۆ ماوەیەک ئەندامی حیزبیکی کوردستانی دژبەری ڕێژیمی ئێران بووە و پاش گەڕانەوە بۆ نێوخۆی وڵات لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر دەکرێ.
ناوبراو دواجار لەلایەن دادگای بەناو ئینقلابی ڕێژیم لە شاری پاوە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی دژبەری ڕێژیمی ئێران سزای ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا دەسەپێت کە ئەو سزایە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٩١ ڕۆژ بەندکران کەم کرایەوە.