لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ وگەندەڵی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی ڕابردوو ٤٠ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ وگەندەڵی ئاخوندی ٤٠ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی وەکوو کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ماڵدزراوانی دامەزراوەی ماڵیی کاسپییەن لەبەردەم بینای بانکی ناوەندی لە تاران، خانەنشینکراوانی سەندووقی خانەنشینی پۆڵا لە پارێزگاکانی ئیسفەهان و خووزستان لەبەردەم بینای ئیداری ئەو سەندووقە لە ناوەندی پارێزگاکان و زیانلێکەوتووانی شەڕی ئێران و عێراق لەبەردەم بینای مەجلیسی ڕێژیم لە تاران بەڕێوە چوو.
هەروەها هاوکات ڕۆژی یەکشەممە کارمەندان و بەڕێوەبەرانی دادگوستەری بۆ دووهەمین ڕۆژی بەردەوام لە ٣٦ شار و پارێزگای ئێران وەکوو تاران، خومەین، ئەلیگوودەرز، پاکدەشت، شاهڕوود، تیکاب، مەرەند، جەهرۆم، شەهریکورد، بەندەر ماهشەهر، یەزد، بابۆل، ئیلام، کەرەج، ئەراک، بۆجنوورد، بێڵەسوار، شێروان، ئەندیمشک، نەجەفئاباد، تەورێز و برووجێرد کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان بەڕێوە برد.