سێناتۆرێکی کۆماریخوازی ئەمریکایی بە ئاماژە بە هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕەخنە لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی جۆ بایدێن دەگرێ و دەڵێ: نابێ بە هیچ جۆرێک گەمارۆکانی سەر ئەو ڕێژیمە کەم بکرێتەوە.
بیل هاگێرتی، سێناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر، سەرەڕای ئاماژە بە هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا نووسی: هەوڵەکانی دەوڵەتی جۆ بایدێن بۆ کەمکردنەوەی گەمارۆکان لەسەر ڕێژیمی ئێران و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو ڕێژیمە تێرۆریستە، هەوڵێکی ئابڕووبەرانەیە.
ناوبراو لە درێژەی تویتەکەیدا دەنووسێ هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران زۆر مەترسیدارە و ئەگەر جۆ بایدێن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بگات بە رێککەوتن و گەمارۆکانی سەر ئەو ڕێژیمە تێرۆریستە لا ببات، ئەوە بە دەیان میلیارد دۆلار لە پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێژیمە تێرۆریستە کە ئەویش خەرجی گرووپە تێرۆریستەکان و میلیشیاکانی دەکا بەدژی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەر لەم پێوەندییەدا، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران ڕۆژی یەکشەممە لە وتووێژێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ میدیاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: یەکێک لە گەورەترین دەسکەوتەکانی دەوڵەتی سێزدەهەم لاچوونی گەمارۆکانە و ئێمە زۆر بە ئاسانی دەتوانین نەوت هەناردە بکەین.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی” یەکیەتیی بەدژی ئێرانی ناوکیی” کە لە نزیکەوە چاوەدێری بەسەر نەوتهەڵگرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەکات، هاتووە کە لەو کاتەوە کە لە دەوڵەتی جۆ بایدێن وتووێژە ناوکییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئیران دەستپیکردۆتەوە، هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە شێوەی قاچاخ لە سەتا ٤٠ زیادیکردووە.