ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لەهەمبەر ئەگەری هێرش بۆسەر کەسایەتییەکانی ئەمریکا هۆشدار بە ڕێژیمی ئێران دەدات و دەڵێ: هەر جۆرە هەڕەشەیەک بۆسەر کەسایەتییەکانی ئەمریکا لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە توندترین شێوە وڵام دەدرێتەوە.
جەیک سالیوان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە هەر جۆرە هەڕەشەیەک بۆسەر کەسایەتییەکانی ئەمریکا و بەرپرسانی دەوڵەتی پێشووی ئەمریکا، بە تایبەتی ئەو ٥٢ کەسەی کە لەم دواییانەدا بەهۆی دەور و نەخشیان لە کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سپای تێرۆریستیی قودسی، لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە گەمارۆیان خراوەتەسەر، لێکەوتەیەکی زۆر مەترسیداری بۆ رێژیمی ئێران دەبێ و لە بەرامبەر هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە یارمەتی هاوپەیمانەکانمان وڵامێکی توند و خێرامان دەبێ.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ئێمە ئامادەین کە هاووڵاتییانی ئەمریکا بپارێزین و هیوادارین کە ڕێژیمی ئێران هەڵە نەکات و هەڕەشە لە کەسایەتییەکانی ئەمریکا نەکات و هاووڵاتییانی ئەمریکا لە هەر شوێنێکی جیهان بن پارێزراو دەبن و لە ئەگەری هەر جۆرە هەڕەشەیەک بە توندترین شێوە کاردانەوەمان بەرامبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ.
جێگای ئاماژەیە کە ئەم ڕاگەیەندراوەی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، پاش ئەوەیکە ڕۆژی شەممە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە دەیان هاووڵاتیی ئەمریکایی بە تایبەتی بەرپرسانی سەربازیی دەوڵەتی پێشووی ئەمریکایان بەهۆی کوشتنی قاسم سولەیمانی، گەورە تێرۆریستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان خستە لیستی گەماروکانەوە، هاتوەتە ئاراوە و وەزارەتی دەرەوەی رێژیمی ئێران لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە ئەو ٥٢ کەسە بەهۆی کوشتنی قاسم سولەیمانی و پێشیلکردنی مافی مرۆڤەوە گەمارۆیان دەخرێتە سەر.