ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە بەرپرسیاری مردنی “بەکتاش ئابتین”، شاعێر و نووسەر و فیلمسازی ئێرانی دەزانێت.
ڕۆژی شەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، پاش مردنی “بەکتاش ئابتین”، شاعێر و نووسەر و فیلمسازی ئێرانی، ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور، ڕێژیمی ئێرانی لە بەرانبەر گیان لەدەستدانی ئەو کەسەدا بە بەرپرسیار زانی و ڕایگەیاندووە کە ئەو کەسایەتییە ئێرانییە بە ناڕەوا دەسبەسەر کراوە و نادادپەروەرانە شەش ساڵ بەندکردنیان بەسەریدا سەپاوە.
هەروەها ئەو ڕێکخراوەیە ڕایگەیاندووە بەکتاش ئابتین لە بەندیخانە نەخۆش بووە و لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە مافی چارەسەرکردن بێبەش کراوە و ئەمەش بووەتە هۆکاری گیان لەدەستدانی.
ڕۆژی ١٧ی بەفرانبار، واتە ڕۆژێک پێش گیان لەدەستدانی بەکتاش ئابتین، کۆمەڵێک لە ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ئێران لەسەر سزای ناڕەوا و بە مەبەستی ئازادکردنی ئەو شاعێر و نووسەرە، نامەیەکی سەرئاواڵایان ڕوو بە خامنەیی ناردبوو و داوای ئازادکردنی بێمەرجی ئەو بەندکراوە ڕەخنەگرەیان کردبوو، کە بەشی فارسیی ڕێکخراوی چاوەدێریی نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤیش بڵاوی کردبووە.
شایانی باسە کە بەکتاش ئابتین، شاعێر و نووسەر و فیلمسازی ئێرانی، ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە هۆکاری ڕەخنەگرتن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەندامەتی لە کانوونی نووسەرانی ئێران، دەسبەسەر کراو و شەش ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپا و لە بەندیخانەش چەندین جار تووسی نەخۆشی بوو، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە دەواودەرمان و چارەسەری بێبەش کرابوو.