لە دووهەمین ساڵڕۆژی تاوانی لێدانی فڕۆکە ئوکراینییەکە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، لە شاری سنە بە هەڵگیرساندنی مۆم یادی قوربانییەکان کرایەوە.
لە دووهەمین ساڵڕۆژی لێدان و خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئوکراینییەکە بە ژمارەی فڕینی “PS752” بە ١٧٦ سەرنشینەوە بە مووشەکی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی مرۆڤکوژی ئێران، شەوی شەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، ژنانی شاری سنە، لە پارکی ئاویەری ئەو شارە بە هەڵگیرساندنی مۆم یادی قوربانییەکانی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیان کردەوە.
کۆمەڵێک لە قوربانییەکانی ئەو تاوانەی ڕێژیم خەڵکی کوردستان و چوار کەسیان لە باشترین و لە خوێندکارە بژاردەکانی زانکۆکانی کوردستان و ئێران بوون کە بە مەبەستی درێژەی خوێندنەکەیان دەچوونەوە بۆ وڵاتی کانادا کە ڕێژیمی مرۆڤکوژی ئیسلامیی ئێران نەیهێشت بە ئاواتەکانیان بگەن.
سەرلەبەیانیی ڕابردوو لە چەند شارێکی تری کوردستان و ئێران بنەماڵەی قوربانییەکان لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ڕۆڵەکانیان، داوای بەسزاگەیاندنی بکەرانی ئەو تاوانەیان کرد.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی شەممە، ١٨ی بەفرانبار، “جاستین ترۆدۆ”، سەرۆکوەزیرانی کانادا، لە لاپەڕەی تویتێریی خۆی نووسیبووی: “ئەمڕۆ لە ساڵیڕۆژی لێدانی مووشەکى ئێرانى لە فڕۆکە ئۆکرانییەکە، چاوم بە بنەماڵەى قوربانییانى ئەم کارەساتە کەوت، ئەو چیرۆکانەى کە ئەوان لە خۆشەویستە لەدەستچووەکانیان بۆ منیان دەگێڕایەوە، هەمیشە لە بیر و مێشکمدا دەمینێتەوە”.
ناوبراو لە نەشێکی تری تویتەکەیدا لەسەر بەسزاگەیاندنی تاوانبارانی ئەو تاوانە دڕندانەیە نووسیویەتی؛ حکومەتى ئێمە سوورە لەسەر وەڵاموەرگرتنەوە و جێبەجێکردنى دادپەروەرى.