زارا محەممەدی، یەکێک لە چالاکانی مەدەنی و مامۆستایانی زمانی کوردی کە حەوتووی ڕابردوو سزای بەندکرانەکەی پشتڕاست کرابوویەوە، دوای بانگکران بۆ بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ڕێژیم لە سنە دەسبەسەر کرا.
کاتژمێر ٣ی پاش نیمەڕۆی ڕۆژی شەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی ، زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی -کۆمەڵایەتی نۆژین دوای بانگکران بۆ بەشی جێبەجێ کرانی سزاکانی دادگای ڕێژیم لە شاری سنە بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٥ سال بەندکران کە بەسەریدا سەپابوو دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندی ژنانی بەندیخانەی سنە ناسراو بە ناوەندی چاکسازی و بارهێنانی سنە کراوە.
زارا محەممەدی تەمەن ٣٠ ساڵ و بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی – کۆمەڵایەتی نۆژین ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی جۆزەردان ٩٨ی هەتاوی، دوای ئەوەی هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان هاوکات لەگەڵ دوو کەسی دیکەی ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین دەسبەسەر و دوای ٧ مانگ بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتیی ئازاد کرا.
ئەم مامۆستایەی زمانی کوردی لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لە لایەن لقی یەکەمی دادگای بەناو ئینقلابی ڕێژیم لە شاری سنەوە بە سەرۆکایەتیی قازیی دەستنیشانکراوی ڕێژیم “سەعیدی” بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ بەدژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. دەرچوونی سزای ١٠ ساڵ بەندکران بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ لە کاتێکدایە کە زارا محەممەدی تەنیا ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین بووە و دادگا ئەو ئەنجومەنەی لە هەموو تۆمەتەکان بێبەری کردبوو.
ئەم سزایە ڕەزبەری هەمان ساڵ لەلایەن لقی چوارەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بۆ ٥ سال بەندکران کەم کرایەوە.
جێگای ئاماژەیە کە دادگای باڵای ڕێژیم داواکاریی پارێزەرەکانی زارا محەممەدی بە مەبەستی پێداچوونەوە بە پەروەندەکەی پەسەند نەکردبوو و لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا حوسێنی بەرپرسی گشتیی دەزگای قەزایی ڕێژیم لە پارێزگای سنە ڕێگری کردبوو لە جێبەجێکرانی ماددەی ٤٧٧ لە دۆسیەی ناوبراودا.
شایانی باسە کە زارا محەممەدی ماوەی ١٠ ساڵە کە لە گوندەکانی دەورووبەری سنە و ناو شاری سنە وانەی کوردی دەڵێتەوە و ٦ ساڵ پێش یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتی نۆژین بووە و دواتر بە کۆی دەنگی ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەو ڕێکخراوە، وەکوو سەرۆکی ڕێکخراو هەڵبژێردراوە.